بازرگانی بە مۆڵەتی کارەوە دەبێت سزا بدرێت

Home / هەواڵ / بازرگانی بە مۆڵەتی کارەوە دەبێت سزا بدرێت

سۆسیالدیموکراتەکان دەڵێن فرۆشتنی مۆڵەتی کار بە مەبەستی وەرگرتنی ئیقامە تاوانە و دەبێت سزای تووندی لەسەر بێت.

ئەم دیاردەیە وەختە ببێتە کێشەیەکی بەرفراوان ئەندەرش ئیگێمان سەرۆکی فراکسیۆنی سۆسیالدیموکراتەکان لە پەرلەمان هەروەها دەڵێت ئەو کەسانەی مۆڵەتی ساختەی کار دەفرۆشن بەو کەسانەی کە دەیانەوێت بێنە سوید دەبێت وەک (människosmuggling) قاچاخچی بە مرۆڤەوە مامەڵە بکرێن.

پۆلیس و بەرپرسی دادگای باڵا ئاماژە بەوە دەدەن کە بۆشاییەک لە یاسادا هەیە کە ڕێ بۆ هەندیک کەس خۆش دەکات لە رێی فرۆشتنی مۆڵەتی ساختەی کارەوە (arbetstillstånd) بڕە پارەی زۆر بەدەست بهێنن.

ئەندەرش ئیگێمان دەڵێت دەبێت ئەم کارە وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئیگێمان ڕێخۆشکردن بۆ ئەم جۆرە کارە بە خەتای حکوومەتی پێشووی ڕاستڕەو دەزانێت کە بە ڕای ئیگێمان لیبراڵترین یاسای پەنابەریی بە مەبەستی کار هێنایە ئارا.

ئیگێمان دەڵێت لە دوای هەڵبژاردنەکانی پاییزی داهاتووەوە حکوومەت لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بۆ گۆڕینی ئەو یاسایە ئەنجام دەدات و ڕەنگە لە ماوەی ساڵی 2019دا یاسایەکی نوێ بخرێتە کار.

جێی باسە کێشەی مۆڵەتی پەنابەریی کار واتا (ئیقامە کار) لەسەر بنەمای ساختە بەهۆی ئاشکرابوونی حاڵەتێک لە شاری نۆرشۆپینگ کەوتۆتە بەرباس، لەوێ دوو پیاو لەسەر بنەمای بەڵگەی ساختە، ئیقامەی کاریان بۆ خەڵکی سووریی و عێراقی درووست کردووە، کارکەش لە ڕاستیدا نییە، بۆ هەر ئیقامەیەکیش 200 هەزار کرۆنیان وەرگرتووە.

ئەو ڕووداوەی نۆرشۆپینگ لەلایەن دادگاوە سەرەتا وەک توانی قاچاخچێتیی بەمرۆڤەوە لێی کۆڵدرایەوە بەڵام دواتر دادگای باڵا بڕیاری دا کە هاتنی ئەو کەسانە بۆناو سوید یاساییە هەرچەندە لەسەر بنەمای مۆڵەتێکی ساختە بووە، بەڵام داواکاری گشتیی ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەو دوو پیاوە بە تاوانی پارەپەیداکردن لەسەر بارودۆخی نالەباری کەسانی دیکە، دادگایی بکرێن