خانمە کۆچبەرێکی کورد کاندیدە بۆ پەرلەمانی ئەوروپا

Home / هەواڵ / خانمە کۆچبەرێکی کورد کاندیدە بۆ پەرلەمانی ئەوروپا

کچە کۆچبەرێکی کوردی دانیشتووی هۆڵەندا لەسەر پارتی (كار- PVDA)ی هۆڵەندی کاندیدێکی بەهێزە بۆ بوون بە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی ئەوروپا کە بڕیار وایە ٢٣ی ئەم مانگە  پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.

“شەم ئەحمەد” ئەو كچە كوردەیە كە بە یەكێك لە كاندیدە سەرەكی و دیارەكانی پارتی (كار- PVDA)ی هۆڵەندی دیاریكراوە تاوەكو بەشداری بكات لەركابەرییەكان بۆ بوون بە ئەندامی پارلەمانی ئەوروپا كەوا بڕیارە رۆژی (23)ی ئەم مانگە بەرێوەبچێت.

لێهاتوویی و زرنگی شەم هۆكاربووە بۆ ئەوەی هەر بە زوویی لە كاری رێكخراوەیی و دواتر سیاسەت و كاری حزبایەتیدا پلەو هەنگاوە گەورە بنێت و هاوكات لەگەڵ بەدەستهێنانی نمرەو بڕوانامەی بەرزو باڵا، ببێتە جێگەی سەرنج و بایەخی پارتەكەیی و بۆ چەندین پۆستی بەرزو گرنگ بیكەنە بەربژێری خۆیان.


شەم ئەحمەد کێیە؟
شەم ئەحمەد لەدایك بووی ساڵی ١٩٩٦ لە شاری سلێمانی، تەمەنی چوار ساڵ بووە كە لەگەڵ خێزانەكەی بە كۆچبەری چوونەتە هۆڵەندا،هەموو قۆناغەكانی خوێندنی زۆر بە سەركەوتوویی تەواوكردووە، لە ساڵی ٢٠١٨ كۆلێژی یاسای نێودەوڵەتی بە پلەی بەرز تەواوكردووەو ئێستا خوێندكاری ماستەرە لە زانكۆی تیلبورخ لە وڵاتی هۆڵەندا.

شەم لە یەك كاتدا دوو ماستەر دەخوێنێت، ماستەرێكیان سەبارەت بە یاسای نێودەوڵەتییەو ئەوی تریان سەبارەت بە قوربانییە، جا قوربانی جەنگ بێت یان توندو تیژی یان كارەساتی سروشتی… هتد.
شەم لە تەمەنی پانزە ساڵییەوە ئەندامی پارتی (كاری – PVDA) هۆڵەندییە، دووجار بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەكان كاندید بووە.
لەساڵی ٢٠١٨حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنی هەرێمەكان داوای لێكردووە سەرۆكی لیستەكەیان بكات، بەڵام شەم رەتیكردۆتەوە چوونكە دوا ساڵی خوێنندنی بووە لەكۆلێژی یاسای نێودەوڵەتی.
ماوەیەكی زۆر سەرۆكی گەنجەكانی حزبەكەی بووە لە هەرێمی نۆردبرابانت و لەزانكۆش سەرۆكی گەنجەكانی كۆلێژی یاسای نێودەوڵەتی بووە.
دواجار لە نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٨ بەفەرمی پارتەكەی كاندیدیانكرد بۆ پەرلەمانی ئەوروپاو بەمەش شەم دەبێت بە بچوكترین كاندیدی نێو لیستەكان.


بەرنامەی كاری شەم لە پەرلەمانی ئەوروپا زیاتر لەسەر ئەم خاڵانە دەبێت:
١- هاوتا كردنی بڕی پارەی كاركردنی ژن لەگەڵ پیاودا، چونكە تا ئێستاش ژنان لە ئەوروپادا بەڕامبەر ئەو كارانەی دەیكەن %16 كەمتر لە پیاوان وەردەگرن، لە كاتێكدا هەمان كار دەكەن.
٢- زیاتر هێنانە پێشەوەی گەنج و پێدانی ڕۆڵی كارا بە گەنجانی ئەوروپا لە بواری سیاسیدا و لەبەرچاوگرتنی توانا لەبن نەهاتووەكانی گەنجان.
٣-زیادكردنی موچەی ئەو خوێندكارە ئەوروپیانەی كە دەخوازن لە وولاتێكی ئەوروپی دیكە درێژە بە خوێندنەكەیان بدەن.
٤- كەمكردنەوەی نرخی هاتووچۆ و گەشتكردن لە نێوان ووڵاتانی ئەوروپادا، بە تایبەت بۆ گەنجان و خوێندكاران.