ژمارەیەک پەنابەری عێراقی لە یەکێک لە زیندانەکانی تورکیا ئازاد کران

Home / هەواڵ / ژمارەیەک پەنابەری عێراقی لە یەکێک لە زیندانەکانی تورکیا ئازاد کران

بە هەوڵی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران و بە هاوکاری فەرمانگەی کۆچبەرانی تورکیا، ژمارەیەک پەنابەری عێراقی لە نەتەوە و پێکهاتە جیاجیاکان لە یەکێک لە زیندانەکانی تورکیا ئازاد کران.

دوای زیاتر لە مانگێک لە راگرتنیان ٩ پەنابەری عێراقی لە زیندانەکانی تورکیا بە هاوکاری نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران لە تورکیا “کوردە یەشار” و بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی تورکیا، دەستکرا  بە ڕێککارە یاساییەکان بەمەبەستی ئازاد کردنیان، ئەمەش دوای ئاگادار کردنەوەی دەزگای لوتکە و وەرگرتنی زانیاری پێوست لەسەر زیندانیکراوان و گرتوخانەکانیان.

لە ماوەی راگرتنیاندا و بەرلە ئاگادارکردنەوەی دەزگای لوتکە، هیچ کەس و لایەنێک بە هانای ئەو پەنابەرانەوە نەچوون لە کاتێکدا چەندین لایەنی پەیوەندیداری عیراقیان لە تورکیا لە بارو دۆخی خۆیان ئاگادار کردبووەوە.

وا بڕیارە لە رۆژی 21ی ئایار ئەو پەنابەرانە لە گرتوخانەکەی تورکیا ئازاد بکرێن و، ئەو پەنابەرانەشی خوازیارن بگەڕێنەوە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکاریان دەکرێت لە زوو ڕاییکردنی مامەڵەکانیان.

لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا لەلایەن دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران، هاوکاری 23 پەنابەری ڕاگیراو کراوەو کار ئاسانیان بۆکراوە بەمەبەستی ئازادکرن و گەڕانەوەیان.