28 خێزانی ئێزیدی لە فه‌ره‌نسا جێگیر کران

Home / هەواڵ / 28 خێزانی ئێزیدی لە فه‌ره‌نسا جێگیر کران
لە چوارچێوەی بەرنامەی وه‌رگرتنی مرۆیی سه‌رۆكی فەرەندا ئیمانوێل ماكرۆن. بە هاوکاری رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچی نێودەولەتی زیاتر له‌ 130 ئه‌ندامی ئێزیدی کە پێکاتوون لە 28 خێزان لە فه‌ره‌نسا نیشته‌جێکران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایار، 132 ئه‌ندام له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی له‌ عیراق لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتنە فڕۆكه‌خانه‌ی تولوس-ی فه‌ره‌نسا، ئەمەش له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی وه‌رگرتنی مرۆیی سه‌رۆكی فەرەنسا ئیمانوێل ماكرۆن و ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچی نێودەوڵەتی و بە پاڵپشتی هاوکاری نادییە موراد براوه‌ی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبڵ بۆ ساڵی 2018.
ده‌ستپێشخه‌رییه‌کە لە دوو هەفتەی رابردوودا و لەمیانی ڕێوڕه‌سمێكدا له‌نێوان رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ و حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا، كه‌ نادیه‌ موراد تێیدا ئاماده‌بوو  واژوو کرا و ئەمڕۆش دەستکرا بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

لەمیانی سەرکەوتنی فڕۆکەکەدا دۆمینیك ماس، كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له‌هه‌ولێر به‌ خێزانە ئێزدییه‌كانی وت” ئه‌مڕۆ هاتووینه‌ته‌ ئێره‌ بۆ ئه‌وه‌ی خواحافیزیتان لێبكه‌ین و به‌ره‌و فه‌ره‌نسا  به‌ڕێتان بكه‌ین، لەوێ پاراستن و ئاسایش و خوێندن و پاڵپشتیی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرن”.

گیرارد وایت، سه‌رۆكی نێرده‌ی ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ له‌ عیراق رایگەیاند” ئێمه‌ سوپاسگوزارین بۆ پاڵپشتیی حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا له‌نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی ئه‌م گرووپه‌ ئێزیدییه‌ كه‌ هه‌ندێكیان دووچاری نه‌هامه‌تیی زۆر سه‌خت بوونه‌ته‌وه‌”.

وتیشی”رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ به‌رده‌وامده‌بێت له‌ كۆمه‌ككردنی هه‌موو هاووڵاتییه‌ عیراقییه‌ ئاواره‌كان، له‌نێویاندا ئێزدیه‌كانیش، له‌ هه‌ردوو شوێنی ئاواره‌بوونیان و زێدی خۆیاندا، به‌مه‌به‌ستی هاندانی خۆگونجاندنه‌وه‌یان”.

پێش به‌ڕێكه‌وتنی ماڵباته‌ ئێزدییه‌كان له‌ هه‌ولێره‌وه‌‌ بۆ بۆ تولوس، تیمه‌كانی ڕێخكراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ هاوكاریی خێزانەکانیان كرد به‌ گواستنه‌وه‌یان له‌ دهۆكه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و، دابینكردنی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و پشكنینی پزیشكی و كردنه‌وه‌ی خولی ناساندی كولتووری بۆیان،  هه‌روه‌ها ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ گه‌شتی ئاسمانیان له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ فه‌ره‌نسا دابین ده‌كات.
هاوکات باڵوێز ئێریك شوڤالیێ، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری فه‌ره‌نسه‌ بۆ قه‌یرانه‌كان بەر لەوەی سواری فڕۆكه‌كه‌ بێت له‌گه‌ڵ خێزانەکان بۆ یاوه‌ریكردنیان به‌ره‌و فه‌ره‌نسا وتی” كاتێك ئه‌م گرووپه‌ ماڵباته‌ ئێزدییه‌ له‌ تولوس و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌نیشنه‌وه‌، ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌خۆجێییه‌كان ئاماده‌ن بۆ هاوكاریكردنیان بۆ ئاسانكردنی خۆگونجاندنیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ خانه‌خوێكانیاندا”.

 له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2018 ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا به‌ڵێنیدا به‌نادیه‌ موراد ژماره‌یه‌ك خێزانی ئێزیدی وه‌ربگرێت، له‌و كه‌سانه‌ی بونه‌ قوربانی هێرشه‌كانی داعش. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا 20ی كانونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو، له‌ رێی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه 100 هاوڵاتی دیکەی ئێزیدی به‌ره‌و پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا به‌رێكه‌وتن.

نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی ئەو 28 خێزانە ئێزدییه‌ له‌فه‌ره‌نسا دوای ئه‌وه‌ دێت، پێنج ساڵ لەمەوبەر چەکدارانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر شنگال كه‌ پێگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌زدییه‌كان بوو له‌ عێراق ، بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆریان لێ شەهید کرا و بەشێکشیان  ئاوارە بوون، ئەمەش جگە لەوەی ژمارەیەک ژن و کچیان \ دەستبەسەرکران کە تا ئێستاش بەشێکیان لای داعش ماونەتەوە،