پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵمەتێکی بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچییە عێراقییەكان دەستپێكرد

Home / هەواڵ / پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵمەتێکی بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچییە عێراقییەكان دەستپێكرد
پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵمەتێکی فراوانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچیە عێراقیانە دەستپێکرد، کە کاریان قاچاخچیێتی، بازرگانیکردنە بە مرۆڤ و چەك و مادەی هۆشبەرەوە.

پۆلیسی هەرێمی “نۆردڕاین ڤێست فالن”ـی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە چەندین شاری هەرێمەکە هەڵمەتێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە دژ بە گرووپێکی مافیایی تاوانی رێکخراو و کۆمەڵەیەکی ماتۆڕسواری عێراقیی بە ناوی “ئاشتیی 313 – ئەلسەلام 313″، کە کاریان قاچاخچیێتی، بازرگانیکردنە بە مرۆڤ و چەك و مادەی هۆشبەرەوە.

لایخۆشییەوە داواکاری گشتیی شاری ئێسن رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دەیان کەس لە هێزە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵی گومانلێکراوەکان لە شاری ئێسن و 10 شاری دیکە، نۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین دژی چەند گرووپێکی گەورە؛ کە لە دەوروبەری شاری کۆلن و ناوچەی رووە لە رۆژئاوای وڵات تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بازرگانی بە چەك و مادەی هۆشبەر و ساختەکردنی ناسنامە ئەنجامدەدەن”.
هەڵمەتەکە شارەکانی “دویسبۆرگ، بۆن، هۆنکسە، زیگبۆرگ، دۆرتمۆند، کرێفڵد” و چەند شوێنێکی دیکەی گرتووەتەوە، کە بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، گومان لە گرووپێکی “رۆكەری عێراقی” دەکرێ و دەگوترێ بە پارەی نایاسایی پشتگیریان لە میلیشیاکانی عێراق كردووە. هەروەها لێكۆڵینەوە لەوە دەكەن بۆ ئەوەی بزانن هیچ هاوكارییەكی دارایی گرووپە تیرۆریستییەكانیان كردووە یاخود نا.
هاوکات وتەبێژێكی پۆلیس لە شوێنی هەڵمەتەكە بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، گوماندەكرێت ئەو گرووپە عێراقییە لەگەڵ گرووپە مافیاكانی لوبنان کاربکەن. بەڵام ئاماژەی بەوەنەکردووە، بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە یاخو نا.
هەر لەو هەڵمەتەدا سەدان کەس لە هێزەکانی ئاسایش، یەکە تایبەتییەکان و لێکۆڵەرەوان بەشداریان کردووە.، کە  ئامانج لێی دۆزینەوەی بەڵگەیە لەلایەن پۆلیسەوە.