ئەمساڵ دوو لەسەر سێی داواكارییەكانی مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا ڕەتكراونەتەوە

Home / بڵاوکراوەکانی لوتکە / ئەمساڵ دوو لەسەر سێی داواكارییەكانی مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا ڕەتكراونەتەوە

لوتكە

ئەمساڵ ژمارەی ئەو كەسانە كەمیكردووە كە داواكاری مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا پێشكەشكردووە و پێشبینی دەكرێت ژمارەكە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كەمتر بێت، بەشی زۆری داواكارییەكانیش ڕەتكراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی بیڵد ئام سۆنتاگی ئەڵمانی كە ئاژانسی دۆچەڤێلەش بڵاویكردووەتەوە، ئەمساڵ تا كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم 110 هەزار داواكاری مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا پێشكەشكراون.
ڕۆژنامەكە ئامارەكانی لە هان ئیكارد سۆمەر وەرگرتووە كە ناوبراو سەرۆكی ئۆفیسی كۆچبەر و پەنابەرانی فیدڕاڵیی ئەڵمانیایە.
بەپێی داتاكانی ئۆفیسەكە، تەنها 35 بۆ 38%ی داواكارییەكانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی قبوڵكراون، واتە دوو لەسەر سێی ئەوانەی ئەمساڵ كۆچیان كردووە بۆ ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتییان پێ نادرێت.
سۆمەر دەڵێت، “پێشبینی دەكەم تا كۆتایی ئەمساڵ ژمارەكە بگاتە 140 بۆ 145 هەزار داواكاری پەنابەرێتی، بەو شێوەش كەمتر دەبێت لە ئاماری ساڵی 2018 كە نزیكەی 160 هەزار داواكاری بوو.”
لەبارەی هۆكاری ڕەتكردنەوەی داواكارییەكان، هان ئیكارد سۆمەر دەڵێت، “ئەو كەسانەی داواكاریی مافی پەنابەرێتی پێشكەش دەكەن هیچ بناغەیەكیان نییە بۆ قسەكانیان” و زۆربەی ناڕاستن.
مانگی نیسانی ڕابردوو، حكومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا چەند بڕیارێكی لەبارەی كۆچبەرانەوە دەركرد كە پڕۆسەی دیپۆرتكردنەوە خێراتر دەكات و دەسەڵاتی ناوەندەكانی كۆچ و كۆچبەرانیشی زیاد كردووە لەوەی دەتوانن مۆبایل و ئامێرە تەكنەلۆجییەكانی كۆچبەر بپشكنن بۆ دیاریكردنی ناسنامەی تەواوەی كۆچبەر.
لەدوای بڕیاری ساڵی 2015ی ئەنگێلا مێركڵ، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا بۆ كردنەوەی دەرگا و وەرگرتنی یەك ملیۆن كۆچبەر، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەكە كەمیكردووە.