1350 كۆچبەر خۆیان گەیاندۆتە یۆنان

Home / هەواڵ / 1350 كۆچبەر خۆیان گەیاندۆتە یۆنان

لوتكە

بە پێی ئاژانسەكانی هەواڵ و هێزی دەریاوانی یۆنان، لەڕۆژی هەینی رابردووەوە تا دوێنێ‌ دوو شەممە، 1350 كۆچبەر لە وڵاتی توركیاوە بەدەریای ئیجەدا خۆیان گەیاندۆتە یۆنان.
بە پێی هەمان سەرچاوە ئەو هێزانە توانیویانە 658 كۆچبەر رزگاربكەن و 730 كەسی تریش گەیشتوونەتە دەریای ئیجە. هەرچەندە پێشتر حكومەتی یۆنان چەندینجار رایگەیاندبوو كە ژمارەی پەنابەر لە وڵاتەكەیان زۆر زیادیكردووەو چی تر لە توانای گلدانەوەی كۆچبەرانیان نییە، بەڵام رەنگە جارێكی تر بەهۆی ئەم كۆچە بە لێشاوانەی كۆچبەرانەوە كێشەی پڕ بوونی كەمپەكان سەرهەڵبداتەوە.
پرسی پەنابەران لەنێوان حكومەتی توركیا و یەكێتی ئەوروپادا پرسێكی ستراتیژییە و بەپێی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، پێویستە حكومەتی توركیا رێگری لەتێپەڕبونی پەنابەران بكات بۆ ناو خاكی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، بەڵام بەهۆی دروستبونی كێشە لەنێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا بەتایبەتیش پاش لەشكركێشییەكەی بۆ ناو خاكی باكوری سوریا و ناڕەزایەتی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لەوبارەیەوە، ئەردۆگان پرسی پەنابەرانی وەك كارتێك لەدژی یەكێتی ئەوروپا بەكارهێناوە و هەڕەشەی كردنەوەی ئەو دەرگایە دەكات.