ڕاگەیەندراوێک لە دەزگای لوتکەوە بۆ ڕای گشتی

Home / بڵاوکراوەکانی لوتکە / ڕاگەیەندراوێک لە دەزگای لوتکەوە بۆ ڕای گشتی

دەزگای لوتکە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٣/١/٢٠٢٠، لەدوای ئەوەی دەزگاکەمان هەواڵی گێڕانەوەی تەرمەکانی ڕووداوە نەخوازراوەکەی یۆنانی بڵاو کردەوە، وتەبێژی حکوومەتی هەرێم، بەڕێز جوتیار عادل ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەناوی حکوومەتەوە بڵاو کردۆتەوە. ئێمە وەک دەزگای لوتکە سەرەڕای ڕەتکردنەوەی سەرلەبەری ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێزیان، ڕایدەگەیەنین کە:

١/ لە یەکەم ساتی ڕوودانی ئەو ڕووداوەوە دەزگای لوتکە و نوێنەرە خۆبەخشەکانی بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ کەیسەکەدا کردووە و دەستبەجێ دەست کراوە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و گشت کاروبارە یاساییەکانمان بە هاوکاریی باڵیۆزخانەی عیراق لە وڵاتی یۆنان جێبەجێ کردووە.
٢/ بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەکان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا پرۆفایلی دی ئێن ئەی لەلایەن دەزگاکەمانەوە لە کەسوکاری قوربانییەکان وەرگیراوە و بە وردی لەلایەن دەزگای لوتکەوە کاری لەسەر دەکرێت.
٣/ لەلایەن دەزگاکەمان و نوێنەرمانەوە لە وڵاتی یۆنان، کاروباری یاسایی بۆ گێڕانەوەی تەرمەکان جێبەجێ کراوە و ئەرکی گێڕانەوەی ئەو تەرمانە ئێمە گرتوومانەتە ئەستۆی خۆمان.
٤/ تێچووی گێڕانەوەی تەرمەکان و بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەکان لەلایەن بەڕێز لاهور شێخ جەنگییەوە گیراوەتە ئەستۆ.

سەرەڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە، ڕایدەگەیەنین کە حکوومەتی هەرێم، جگە لەوەی هاوکار نەبووە لەم کەیسەدا، تەنانەت زانیاریشیان لەبارەی ئەم بابەتەوە نییە و بەڕێز جوتیار عادل زانیاریی هەڵەی بڵاو کردۆتەوە کە لێرەدا دەیخەینە بەرچاوی ئێوەی بەڕێز:
١/ بەڕێزیان ڕایانگەیاندووە کە ئەم کارەساتە لە دەریای ئیجە ڕوویداوە، لە کاتێکدا کە بەداخەوە لە دەریای ئایۆن ئەم ڕووداوە ڕوویداوە، کە دەکەوێتە نێوان یۆنان و ئیتاڵیا.
٢/ ناوی ٤ لە پەنابەرەکانی بە هەڵە بڵاو کردۆتەوە و وا دیارە بەڕێزیان ناوەکانیان لەسەر ئەو وێنەیەوە وەرگرتووە کە تیایدا لەسەر سندووقی تەرمەکان ناوەکان بە شێوەی دوانی نوسراون و پێشتر دەزگای لوتکە بڵاوی کردبۆوە.

بۆیە ئێمە وەک دەزگای لوتکە بە مافی خۆمانی دەزانین کە ئەم ڕاگەیاندنە بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەینەوە تاکو ماندووبوونمان بە فیڕۆ نەڕوات و حکوومەتیش هەموو دەستکەوتەکان نەکاتە موڵکی خۆی. گشت بەڵگەکان لای دەزگای لوتکە پارێزراون و پێشتریش بەشێک لەوانە لەلایەن دەزگاکەمانەوە بڵاو کراونەتەوە. ئێمە خوازیار بووین حکوومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی هەڵبستایا و ئەو کاروبارانەی بگرتایەتە ئەستۆ و پێویستی بەوە نەکردایە ئێمە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا تەواوی ئەو کارانە جێبەجێ بکەین. هەر لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەگەر حکوومەتی هەرێم هێندە پەرۆشی پەنابەرانە، ئێمە ئامادەین دەیان کەیسی تریان ڕادەست بکەین تاکو ئەوان بتوانن ئەو تەرمانەی لە وڵاتانی ئەوروپا نێژراون بگەڕێننەوە و بەدواداچوون بکەن بۆ کەیسی بێسەروشوێن بوونی سەدانی دیکە.

ڕاگەیاندنی دەزگای لوتکە
٢٣/١/٢٠٢٠