ئەڵمانیا:بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەران، کەنیسەیەک کەشتی دابین دەکات

Home / هەواڵ / ئەڵمانیا:بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەران، کەنیسەیەک کەشتی دابین دەکات

ئەنجوومەنی کەنیسەی ئینجیل لە وڵاتی ئەڵمانیا بڕیاری دا کەشتییەک بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەران دابین بکات.

لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی کەنیسەی ئینجیلی ئەڵمانیدا، ئەنجوومەن بڕیاریدا کە لەپێناو ڕزگارکردنی ژیانی کۆچبەرانی نایاساییدا، کەشتییەک دابین بکات. بڕیار وایە ئەو کەشتییە، کە پێشتر لەلایەن بنکەی ئۆقیانوسی کیلی باکوری ئەڵمانیاوە بۆ لێکۆڵینەوە بەکارهاتووە، بخرێتە دەریای ناوەڕاستەوە تاکو بتوانێت بە هانای کۆچبەرانی لێقەوماوەوە بچێت.

سەبارەت بەم چالاکییەیان، سەرۆکی کەنیسەی ئینجیل، هاینریش بیدۆرف شتروم بۆ ڕادیۆی باڤاریا ڕایگەیاندووە کە پێویستە کەنیسەکان بەشداری لەم جۆرە چالاکییە خێرخوازییانەدا بکەن. هەروەها وتوویەتی “دابینکردنی کەشتییەکی لەو جۆرە چالاکییەکی کەمبەها نییە.” بەپێی وتەکانی شتروم، ئەم جۆرە چالاکییانە پەیوەندییان بە بیروڕای ئاینیی خۆیانەوە هەیە و پێیان وایە ئەو کەسانەی کە لێقەوماون، پێویستە هاوکاری بکرێن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە حکوومەتی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی فەرمی چالاکیی دەریاوانی و تیمەکانی ڕزگارکردنی کۆچبەرانی وەستاندووە.